حەمە زێڕین – خوێندکاری زانستەڕامیارییەکان – زانکۆی سلێمانی
کەنداوی فارس یان کەنداوی عەرەبی ، یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ستراتیژیەکانی جیهان ، ناوچەی کەنداو بەهۆی دۆزینەوەی نەوت بۆتە مەڵبەندی چاوتێ بڕینی دەوڵەتە زلهێز و هەرێمییەکانی جیهان .
ناوچەی کەنداو لە شەشە دەوڵەتەکەی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی عەرەبی ( سعودیە ، کویت ، ئیماڕات ، بەحرێن ، قەتەڕ ، عوممان ) و عێڕاق و ئێران ، پێکدێت .
ئەم ناوچەیە بووەتە خاڵی سەرەکی ململانێ و چەقبوونەوەی کێشەکانی دەوڵەتانی زلهێزی جیهان و بەشێکی سەرەکی و دانەبڕاوە لە تەنگەژە و کێشمەکێشمەکانی ناوچەی ستراتیژی جیهانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست .
دیارترین ئەو ململانێ و شەڕ و گرژیانەی لەم ناوچەیەدا لە چەند دەیەی ڕابردوودا ڕوویداوە ، وەک داگیریکردنی هەرسێ دورگەی ئیماڕاتی عەرەبی ( ئەبو موسا ، تومبی گەورە ، تومبی بچوک ) لە ساڵی ١٩٧١ لەلایەن ئێرانەوە ، هەروەها جەنگی یەکەم ١٩٨٠-١٩٨٨ ی نێوان عێڕاق و ئێران و جەنگی دووەم ١٩٩١ داگیرکردنی کوێت لەلایەن عێڕاق و دواتر پرۆسەی دەرکردنی عێڕاق لە لایەن هاوپەیمانانەوە بە سەرپرشتی UN ، وە جەنگی سێیەمی کەنداو ساڵی ٢٠٠٣ ڕوخاندن و داگیرکردنی عێڕاق لەلایەن هاوپەیمانانەوە بە سەرپڕشتی ئەمریکا .
ناوچەی کەنداوی عەرەبی / فارسی ، بە دریژایی ٦٠٠ میل لە ئاو ئێران لەنیمچە دورگەی عەرەبی جیادەکاتەوە ، لە تەسکرتین خاڵدا تەنگەی ( هورموز ) کە تێیدا پانتایی کەنداوی فارسی بۆ کەمتر لە ٣٤ میل کورت دەکاتەوە .
کەنداوی فارسی زیاتر لە ٧١٥ ملیار یەدەگی نەوتی تێدایە ، ئەمەش دەکاتە زیاتر لە نیوەی یەدەگی نەوتی جیهانی ٥٧-٦٠ % ، هەروەها نزیکەی ٢.٤٦٢ ترلیۆن پ.سیجا یەدەگی گازی سروشتی هەیە ، وە گەورەترین چاڵگەی نەوتی هەموو جیهان دەکەویتە سەر کەناری کەنداوی لە ناوخاکی سعودیە بەناوی ( خەفچی و حۆت ) ، کە یەدەگە خەمڵێنراوەکەی بە ٣٥ – ٣٧ ملیار بەرمیل دادەنرێت ، هەروەها سعودیە بە یەکەمین دەوڵەتی بەرهەمهێن و هەناردەکاری نەوتی لە ڵاتانی کەنداو دادەنرێت .
لە دوای ڕوسیا کەنداوی عەرەبی / فارسی بە دووەم ناوچەی جیهان دادەنرێت کە زۆرترین یەدەگی گازی سروشتی تیدایە ٢.٤٦٢ ترلیۆن پ.سێجا دادەنرێت ، هەریەکە لە وڵاتانی ئیران ، قەتەر ، سعودیە ، ئیماڕات بە دوای یەکدا پلەی دووەم و سێیەم و چوارەم و پینجەمیان لە ڕیزبەندی جیهانی یەدەگی گازی سروشتی گرتووە لە دوای ڕوسیا .
ئاژانسی نیودەوڵەتی وزە ، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە خواستی جیهانی لەسەر نەوت تا ساڵی ٢٠٣٠ ڕۆژانە بۆ ١١٦ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژدا بەرزببێتەوە .
بەهۆی هەژموونی سەربازی و دەریاوانی ئێرانی بەسەر گرنگترین و ستراتیژیترین خاڵی کەنداوی فارسی / عەرەبی کە ئەویش ( تەنگە هورموز )ە کە نزیکەی لە % ٩٠ی کەشتیە بارهەڵگرە گوێزەرەوە نەوتیەکانی کەنداوی پێدا تێپەردەبێت ، گەورەترین خاڵی بەهێز و کارتی فشارە بەدەست کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کە زۆر جار هەڕەشەی بەکارهێنان و داخستنی ئەو تەنگەیە دەکات لەبەرامبەر وڵاتانی کەنداو و وڵاتە زلهیزە جیهانیەکان کە بنکە و بارەگای سەربازی و کەشتیگەلی سەربازییان لە ئاوەکانی کەنداوی فارسی / عەرەبی هەیە .
هەرچەندە سیستەمی سیاسی دەوڵەتانی ناوچەی کەنداولە ڕووی سیاسیەوە نا کامڵن و هەر وەک زۆربەی دەوڵەتانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەرآست بەڵام لەم دوایانەدا کۆمەڵێک گۆڕانکاری گرنگ لەسەر ئاستی سیاسی ، کۆمەڵایەتی ، کلتوری ، ڕشنبیری و پەرەپیدانی پیگەی پەرلەمان و بەشداری ژن و هەروەها ڕەخساندنی پەرایزێک بۆ ئازادی ڕۆژنامەنوسی و ڕاگەیاندن ، گرنگترین گۆڕانکاریەکانن کە لەم وڵاتانەی کەنداو بەدی دەکرێن .